ئاوێزانی ژینە ژانم بە ،ئاوێزان

ئاوێزانی چراخانی خەمم!

تۆ بە خەمی یاقووتینی منەوە جوانی و

منیش بە ڕشتەی مرواریی گوناهە سپیەکانی تۆویە

ئەدرەوشێمەوە.

ئاوێزانم بە وەختی سوروسات بە سەر چوو.

وەختی باوێشکدانی مێژوو،

وەختی نووسینی ڕاستیی،

وەختی گمەی پەیامبەران،گوزەشتن،گوزەشت!

با فریای دوا وێردی گۆڵە گەنم و

دوا پەیامی بەردوو،دوا نزای

فریشتە تاوانبارەکان بکەوین.

فریای ئاهوناڵەی شەیتانە بەسزمانەکان.

وەختی هێوەری و چاوبڕینە چاوی

مانگە گەلو حۆکان بە سەرچوو.

لەم بەندەرە سامدارەدا،ئەوینی زڕەنقووتەی ئێمە

چۆن باڵ بگرێ؟!بڕوانە لە رۆژهەڵاتی سەرتەوە

چ ئافاتێکی چڕ بە ڕێوەیە.

ئافاتی ئەشکەوتی زاووزێکەر بە تاریکیی و ڕقەوە.

ئاوێزانم بە.مەرگ ئەڵێ:درەنگە

عەدەم ئەڵێ درەنگە،بەهەشت و دۆزەخ ئەڵێن درەنگە.

فەنابوون یەک ساتەو هوموو سات.

ئەی کچی مەرگە سات.

ئەی ژنی بەفری ڕەش،ئەی کچی وڵاتی

تاعوون و کارە سات!

ئاوێزانم بە تێکەڵم بە

تۆ گەردەلوول و من پێدەشت تێکەڵم بە

تۆ دڵنیایی و منیش ترس تێکەڵم بە

لە کە ڵە موستی پێمەوە تا تەوقی سەرمەوە تێکەڵم بە.

موو بە موو ،دەمار بە دەمار،تێکەڵم بە.

با ئاوو ئاگر،خەم و خۆشی،تاوان و سزا

ڕەش و سپی،وەرین و پشکووتن،حیلە و گمە

تێکەڵ بن و بەڕەنگی خۆیان ڕەنگمان کەن!..

با ئەم ئەوینە نەفرەت لێ کراوە.

ئەم دوو جەستە قەدەغەیە

یەک خاچی دەم بە زەردەخەنە

دوای خۆیان جێ بێڵن!.

ئەوەتا )با(یکی مۆری ڕەقاویی گرنج گرنج ،زبر،

وەکوو ئەو غەزەبەی لە کەناری مەملەکەتی

ئاتەشینی “پارس”ەوە زوو،هەڵیکردوو،

لەگەڵ خۆیدا،

دەغڵی ماچ و ئاگردان و رووناکی برد.

لەگەڵ خۆیدا لانکەی گوڵ و بەردە نوێژی موغە کان و

کڵاوەکەی “زەردەشت”ی برد

“ئەم بەیانییە” “با”یەکی ئا لەو چەشنە

“با”یەکی ڕیشنی دڕکاویی،”با” یەکی ئێسک گرانی

دەنگ گڕی دۆزەخیم بینی

ئەم “با”یە هاتووە ،پاشە رۆژ بفڕێنێ.

وا هاتووە درەختی ساسانی شێعرم ریشە کێشکات.

وا هاتووە،سەرمان، خەونمان ،پەنجەکانمان

گوڵدانەکانمان،ژیێ گیتارو گەرووی وشەو

سەمای گیان و ڕەشبەڵەک پەرداخەکانی خەیام و

باڵەندەکانی مەستوورە و سریدەکانی بێ کەس و

هەرچی هەوری ژان گرتووە،هەرچی کرمی ئاورشمینی ئایندەیە،

هەرچی گەرای چراکانە هەموو بەرێ”

ئەمە مەرگی نوورانیەو بە شەپۆل دێ.

ئەمە مەرگی وەجاخزادەی ڕۆژهەڵاتە.

ئەمە مردنێکی قسە خۆشە دەوری داوین.

لە بیرت دێ کە پێم وتی:

ئێمە لەبەر ئەم بارانە ڕەشەدا بۆ وەستاوین؟!

ئەم چەترە کۆنانە دادی ئێمە نادەن.

ئەترسم ئەمە دوا سەمای خۆشەویستی ئێمە بێت!

ئاوێزانم بە،

ئەی کچی درەختی سەر بڕاو،ئاوێزانم بە.

ئەمڕۆ ئایندە هات بۆ لام،بەچاوی تەڕەوە

هات بۆ لام پێی وتم:

ئەو مەرگە نوورانیە ئابڵووقەی

قەڵای دەنگیان داوم،ئابڵووقەی خوێنم.

هەموو رۆژ فرسەخێ دێنە پێشەوە.

هەر شەو چاڵێک لە سینەمادا هەڵ ئەکەنن.

ئەی کچی لە خاچ دراوی بەردەم مانگەشەو!

ئەی ژنی لەش قفل کراو!

لەم بەندەرەدا بۆ کلیل مەگەڕێ.

لەم زەریایەدابۆ کەشتی مەگەڕێ.

کەشتی ترسەو مردن تەنها بەندەرێکە

کە بێ تەم و مژ بیبینیم

سەرەتا..ترس

کۆتایی..ترس

حیکایەت و ماڵ و خەبات و کتێبم

هەموویان هەر،بەترس و،لەرز،داپۆشراون.

ڕەگی ئەم مەرگە درێژە.

ڕێگای ئەم مەرگە لە فەوتی سەرچاوەدا کۆتایی دێ.

مردن لە ناو مردندایە ،شمشێر لە ناو شمشێردایە.

لە ڕۆژهەڵاتی سەرتەوە تۆفانی ڕەش بەڕێەویە.

ئەی کچی ساسانیە بەد ناوەکە!

ئەی ژنی موغە کوژراوەکان!

“لە ئێوارەیکی شەڕەنگێزدا،

لە ئێوارەیەکی کوێردا،

لە ئێوارەیکی قیڕندا:

ئاسمانیان لەسەر داخستین،

خاکیشیان لەسەر پێوەداین.

)مانگیان(بە نووکی ڕمەوە بۆ هێناین و

ئەوسا بوو بە

ئاهەنگی لە دایکبوونێکی ترمان.

ئیتر لە شەرابی بەهەشت و

ماچی حۆرییاندا خنکاین.من بە تەنها چل حۆرییم هەبوو چل.

ئەی کچە ساسانیە نەفرەت لێ کراوەکە!

بەڵام تۆیان تیا نەبووی،ئەوکاتە لە گەشتی ژێر زەمین و

دنیای ژێرەوە بووی،تۆ لەوێ بەشوێنی مندا ئەگەڕای”

ئەوە یەکەم جاری مردنە ئێسک سووکەکەم بوو.

ئەوە یەکەم پەیوەندی نێوان ملم و شمشێری بە وەفا و

داری حەد بوو.

ئەوە ئەوەل سەحەری مەرگی من بوو.

ئاوێزانم بە ،

ئەی کچی خۆڵەمێش و ئەی ژنی مەملەکەتی ئافات!

وا لە ڕۆژهەڵاتی سەرتەوە

مۆم و بوغوردی مەرگم ئەسووتێنن.

وا لە ڕۆژهەڵاتی لەشتەوە

گۆڕەوشاری شێعر و پرشنگ و گۆرانیم ئەدەن

من ناتوانم باهۆزی شێتێتی خۆم

لەم ئافاتە بشارمەوە

ئەمە چارەنووسی عەشقێکە مل لە شمشێر ئەسوێ.

ئەی کچە ساسانیە جوانەکە !

وەختی سوروسات بە سەر چوو

مەرگێکی نوێ منی ئەوێ!

نویسنده : admin

مشاهده همه نوشته ها

نوشته های مرتبط

ارسال یک پاسخ

نام * تارنما

*

پر فروش ترین محصولات

هه نبانه بورینه
دیوانی ماموستا هیمن
دیوانی ماموستا قانع
دیوانی ماموستا شیرکو بیکس

تاییدیه سامانه ی ساماندهی

logo-samandehi

تاییدیه درگاه پرداخت

تبلیغات

Statistics