*** خەندەکەی بایی ***

 

لە ئافاقی ژیانی ناهومێدیم خەندەکەی بایی

فریشتەی پاکی هیوامی نیشاندام وا کە بیدوێنم

پڕیشکی تیشکی ئەستێرەی جوان ئیمشەو بە ئاسپایی

بە سۆزی هاتە نێو کونجی دڵی تاریکی پڕ خوێنم

دەسا دەی مەسدەری هەستی

دە خێرا لادەری پەستی

وەرە تا من بە ڕازی تۆ نەمامی شادی بڕوێنم

 

****

جوانی غونچەیێ بوو وا کە پەنجەی ڕازی ڕاکێشای

دە سەیری، چەند بە وەسلی زولفی خاوت شاد و مەسروورە

لە ڕووی ڕاستی ئەتۆش وەک ئەو گوڵێکی چیمەنی دنیای

کەچی تاجی دڵی هێشتا دڵت لەم حاڵە ڕەنجوورە…

بە خەندەی نەرمی دڵ پاکیت

ئەخۆم سوێندێ بە ڕووناکیت

ئەگەر هەستێ بە ژین وابێ لە جەرگی ڕاستییا دوورە

***

هەموو نووری ژیانە فەیز و نووری ئاسمانی شین

هەموو چەپڵەی گوشادی لێئەدەن هەرچی کە ئەیدینی

لەسەر ئەم خاکە گەردێکن دە ئێمەش ڕوو لە شادی بین

فەرامۆشی بکەین جارێ چەژی تاڵاوی غەمگینی

بە دڵ ڕوونی و ڕووخۆشی

بە خەندە نەک بە خامۆشی

بنۆشین جامی دڵداری لەبەرکەین بەرگی نەرمینی

***

دە هەڵسە با بەناکەین مەعبەدی پیرۆزی دڵداری

لە تیشکی ڕۆژ لە شەوقی مانگ لە ڕەنگی پەلکە ڕەنگینە

کە هەرکامەی بڵێی پاکە لە کردەی قودرەتی باری

نیشانەی کردگارێکە و بناغەی پەیڕەوی دینە

لە شوێنی پڕ لە هەستی بێ

کەرستەی خۆشەویستی بێ

لەنێو ئەم باغە بێ جێگەی کە تۆم لێ دیت لە هاوینا

***

لە پەلکی تازە پشکوتووی نەژاکاوی گوڵی نەسرین

کراسێکی سپی بێگەرد دروستکە شەنگ و دامەن شۆڕ

لەبەرکە و زوڵفی زێڕینیت بەسەریا بێنە خوار چین چین

پەری تیم تیم، بە ڕاز و ناز، لەبۆت بێنن بنەوشەی مۆر

بە ئاواز و نەوا و تەبجیل

بهۆنن پێچەکەی ئیکلیل

ببەن کڕنۆش بڵێن: ئەی شۆخ، پەریزادەی گزنگی خۆر

***

ئەوا ئیکلیلی دڵسۆزی و دلارامیت ئەکەین پێشكێش

هەر چەپکەی خەم و ملکەچ سروشتی نەوجەوانێکە

نیگارێ بوو، بە ناکامی بە گریاوی، بە ئێش و نێش

لە ژین ڕۆیی ئەوێستاکە هەوێنی داستانێکە

بە یادی ئەو دڵەی تینوو

کە چۆن هات و وەهاش دەرچوو

بڕۆ نێو ئابیدە و سەیری چە پیرۆز جاویدانێکە

****

وەرە نێو ئابیدەت تا من لەبەر پێت دابدەم ئەژنۆ…

لەبەروەی نا دلارامی، لەبەروەی چوونکە باڵایی…

خودای شیعر و پەری هیوا بڵێسەی هەستی بەرزی تۆ

هەواڵی هاوڕەگ و خوێنی فریشتەی شۆخی میدیایی

لە ڕووی چاکە و وەفاداری

بە یادی جامی دڵداری

لە مەستی خۆشی بمهێڵێ دروشمی خەندەکەی بایی.

 

مامۆستا دڵدار

15ی مارتی 1944 بەغدا

نویسنده : admin

مشاهده همه نوشته ها

نوشته های مرتبط

ارسال یک پاسخ

نام * تارنما

*

پر فروش ترین محصولات

هه نبانه بورینه
دیوانی ماموستا هیمن
دیوانی ماموستا قانع
دیوانی ماموستا شیرکو بیکس

تاییدیه سامانه ی ساماندهی

logo-samandehi

تاییدیه درگاه پرداخت

تبلیغات

Statistics